لە شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هونەرمەندێک دەستگیردەکرێت

هونەرمەندێکی دیزاینەر و نیگارکێشی خەڵکی شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هونەرمەند حوسێن چووکەڵی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی (داشدۆڕگە)ی سەر بە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئورمیە دەستگیرکرا. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە" ئەم هونەرمەندە نیگارکێش و دیزاینەرە کە لە فێرگەکەی لە شاری ئورمیە سەرقاڵی پەروەردەکردن و ڕاهێنانی هونەری بووە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستگیرکراوە". 

تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.


AM:08:36:01/08/2023