بارگرژی لە نێوان گەریلاکانی پەکەکەو پێشمەرگەدا لە چیای مەتین روودەدات

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٢ی ئابی ٢٠٢٣ لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک گەریلاکانی پەکەکە تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. 

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی تایبەت لە هێزی پێشمەرگەوە لە دێرەلۆك بە ماڵپەڕی (سپی میدیا)ی راگەیاند" کاتژمێر (٨:٠٠)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گەریلاکانی پەکەکە لە گەلی ڕەشابەی سنووری ناحیەی دێرەلوک گولـلەیەکی (ئار بی جی) لە هێزێکی پێشمەرگە داوە".

وتیشی" کاتێک پێشمەرگە هەوڵیان داوە شۆفڵ و حەفارەکانیان ببەنە سەر خاڵێکی پشکنین لە چیای مەتین، لەوێ گەریلاکانی پەکەکە تەقەیان کردووە، لە بەرامبەریشدا پێشمەرگە وەکو وەڵام بە دۆشکە تەقەیان لە چیای مەتینا کردووە و بۆ ماوەی ١٠ خولەک بەردەوام بووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە". 

ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم و عێراق لە رێگای پێشمەرگە و پاسەوانانی سەر سنورەوە دەیانەوێت ناوچە سنورییەکان کۆنترۆڵبکەن، هەرچی پەکەکەشە بە مەترسی بۆ سەر خۆی دایدەنێت و هاتنی ئەو هێزانە بە قازانجی تورکیا ناوزەد دەکات.

تا ئێستا پەکەکە هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە بارەی ئەم بارگژییەوە بڵاونەکردووەتەوە. 


AM:11:42:12/08/2023