لە سنووری بانە کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران كوژرا

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی ئابی ٢٠٢٣ کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری شاری بانە کوژرا.

بەپێی هەواڵی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ئەمڕۆ ئەرسەلان رەسووڵی کۆڵبەری تەمەن (٢٩) ساڵی خەڵکی شارۆچکەی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەرسەلان رەسووڵی بەشێوەی راستەوخۆ و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی لێکراوە و فیشەک بەر سینگی کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی ئەرسەلان رەسوڵی بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی شاری بانە ڕاگیراوە و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.


PM:04:55:13/08/2023