حەوت ساڵ بەسەر "تیرۆر"كردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن تێپەڕی


ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر "تیرۆر"كردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن، رۆژنامەنووسی ناوچەی بادینان تێپەڕی.

ئەمڕۆ لە هۆڵی سینەما سالم لە شاری سلێمانی، حەوتەمین ساڵیادی "تیرۆر"كردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن بەڕێوەچوو، وەدات رۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆژ نیوز بووە، لەو بارەیەوە رۆژنیوز رایگەیاندووە "ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسی جوامێر و بوێر و ئازادییخوازی دەڤەری بادینان و پەیامنێری ئاژانسەكەمان، شەهید وەدات حسێن، یادكردنەوەی شەهید، بابەتێكی كەسیی و تاكانەی مرۆڤێك نییە، كە بوونی جەستەیی لەدەست داوە، بەڵكوو پتر پرسی واتاپێبەخشین و خاوەندارێتی كردنە، لەو پرەنسیپ و بەها و ئامانجە گشتییانەی، كە شەهید وەدات بۆی ژیا و بوونی جەستەیی خۆشی لەپێناودا بەخت كرد".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "بەداخەوە لە پاش حەوت، ساڵ هێشتا پەیڤێكی نوێ لەبارەی، كەیسی تیرۆركردنی شەهید وەدات حسێنەوە نییە، بكوژانی دەستگیرنەكراون و كەیسەكەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە داخراوە، بەڵام لای ئێمە و هەموو ئازادییخوازان بە كراوەیی ماوەتەوە و هەرگیز بێهیوا نابین و كۆڵنادەین، تا ئەوكاتەی تاوانباران لە دادگایەكی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەدا بەسزای خۆیان دەگەن".


ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ رێگە نەدرا لە شاری دهۆك مەراسیمی ساڵیادی "تیرۆر"كردنی ئەم رۆژنامەنووسە بەڕێوە بچێت.



PM:09:52:13/08/2023