دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە تێیدا داواکراوە ھاوشێوەی عێراق سوتەمەنی و بەنزین بۆ ھەرێم دابین بکرێت و نرخەکانیش ھاوتا بکرێن.
ئەمڕۆ سێ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٣، سکاڵاکە لەلایەن ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دژی وەزیری نەوتی عێراق تۆمارکراوە، کە تێیدا داواکراوە دادگا بڕیار و رێوشوێنەکانی وەزیری نەوت رەتبکاتەوە بۆ جیاوازیکردن لەنێوان ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق تایبەت بە دابینکردن و نرخی بەرھەمە نەوتییەکان.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە، ئەو جیاوازییە نەھێلرێت و رێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر بۆ ھاوتاکردنەوەی نرخەکان و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێم ھاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق.