بارزانی لە یادی دامەزراندنی پارتیدا راگەیاندنێکی حزبی دەردەکات

بەبێ هیچ قسەکردنێک لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندی پارتی لەگەڵ حزبەکانی تر، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە یادی دامەزراندنی حزبەکەیدا راگەیاندنێکی حزبی بڵاوکردەوە.

لەو راگەیاندنەدا کە بە یادی دامەزراندنی ٧٧ ساڵەی پارتیەوە بڵاویکردەوە، بارزانی رایگەیاند " بە بۆنەی حەفتا و حەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتی و کەوادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خەباتگێڕ و ئازادیخوازان دەکەم." 

هەروەها دەشڵێت " لەو یادەدا پێزانینم بۆ خەبات و قوربانیدانی جەماوەری پارتی هەیە کە لە قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەکاندا هەردەم هەوێنی خۆڕاگری و بەردەوامی و کۆڵنەدان و بەهێزتربوونی دۆزی گەلی کوردستان بوونە".

 بارزانی داوا لە پارتییەکان دەکات لە ئاست بەرپرسیارتێدابن ودەڵێت " پارتی و ڕێبازی بارزانی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەمیشە جێگەی ئومێد و دەست و بازووی بەهێزی کوردستان و پارێزەر و بەرگریکاری دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانن و پێویستە سەرکردایەتی و جەماوەر و ئەندامانی پارتی لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدا بن". 

ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی ٧٧ ساڵەی پارتییە کە دۆخی کوردستان لەبەردەم چەندان ئالنگاری قورسدایە کە هەڕەشەن لەسەر ناوچوونی ئەزموونی ٣٢ ساڵە باشوری کوردستان، بارزانی لە وتارەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ ئەو دۆخە نەکردووە.



PM:12:54:16/08/2023