لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک چالاکوان دەستگیرکران و هەڕەشەش لە خانەوادەی قوربانیان دەکرێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا (٢٠) چالاکوانی کورد دەستگیرکراون. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ چالاکوان و هاوڵاتی کورد لە پارێزگا جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون کە چارەنووسی زۆربەیان تائێستا نادیارە.

ڕێکخراوەکە لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا ناسنامەی دەستگیکراوەکانی بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە (مامل شەریفی، ئەرسلان خەیری، هیوا ڕاهنشین، هیوا شەبئاهەنگ، هیدایەت خەستە، شیرکۆ نەسیری و ئەشکان ڕەسووڵی) لە مەهاباد دەستگیرکراون. 

هاوکات (حوسێن مەحمودپوور، لوقمان سۆخەنوەر و هۆشیار قادری) لە پیرانشار و (ئەیوب میرزایی و شیروام خزری) لە شنۆ، (بەهار ئەحمەدی، زریان مەلایی و زیلان مەلایی) لە سنە، (ئەرسلان یوسفی) لە بوکان، (فرمێسک بابایی) لە پاوە و (ڕەزا بەبرنژاد) لە قووچان دەستگیرکراون. 

لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا دەیان هاوڵاتی دیکە لە سەرجەم پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکرابوون. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوشارەکانیان بۆسەر بنەماڵەی قوربانیانی سەرهەڵدانی شۆڕیشی (ژن، ژیان، ئازادی) چڕکردووەتەوە، هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکەن کە "خۆیان لە هەموو جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک لە یەکەمین ساڵیادی کۆژرانی ژینا ئەمینی بەدوور بگرن". 


PM:01:56:18/08/2023