کۆشکی سپی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆکی ڤاگنەر هەڵوێستی ڕاگەیاند

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە مۆسکۆ کە پەیوەندی بە فەرماندەی گروپی ڤاگنەرەوە هەیە دەڵێت" نابێت ئەو ڕوداوە بۆ هیچ کەسێک ببێتە شتێکی سەرسوڕهێنەر". 

ئادرین واتسۆن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیەک لە مۆسکۆ ئاگادارکراوەتەوە کە یڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لە لیستی سەرنشینانی فڕۆکەکەدا بووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت ئەو ڕووداوە بۆ هیچ کەسێک ببێتە شتێکی سەرسوڕهێنەر، ئەگەر دەربکەوێت کە پریگۆژین لەناو ئەو فڕۆکەیەدا بووە کە ئەمڕۆ لە ڕوسیا کەوتە خوارەوە.

واتسۆن وتیشی" شەڕە کارەساتبارەکەی ئۆکرانیا بووە هۆی ڕێپێوانێکی سوپای تایبەت بۆ ناو مۆسکۆ و ئێستا پێدەچێت ئەوە ڕووبدات". 

ئەمڕۆ میدیاکانی ڕووسیا هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی لە باکووری مۆسکۆی پایتەخت بڵاوکردەوە کە بەهۆیەوە "یەڤگینی پریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر" و نۆ سەرنشینی دیکە گیانیان لەدەستدا، بەڵام تائێستا گروپی ڤاگنەر بەشێوەیەکی فەرمی کوژرانی فەرماندەکەیان ڕانەگەیاندووە. 


PM:10:31:23/08/2023