روداوێكی هاتوچۆ گیان لەدەستدانی نۆ زیارەتكاری ئێرانی و برینداربوونی ٣٣ كەسی دیكەی لێكەوتەوە

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای زیقاڕ رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لەئەنجامی روداوێكی هاتوچۆ لەسەر رێگای خێرای زیقاڕ-بەسڕە نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و ٣٣ كەسی دیكەش برینداربون كە سەرجەمیان زیارەتكاری ئێرانی بون". 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣،  سەرچاوەیەكی ئەمنی ڕایگەیاند:" ئێوارەی ئەمڕۆ پێكدادان  لەنێوان پاسێكی گواستنەوەی زیارەتكارانی ئێرانی لەگەڵ بارهەڵگرێك كە بەرەو كەربەلا دەڕۆیشتن لەسەر رێگای خێرای زیقاڕ-بەسڕە رویدا".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، "لەئەنجامی ڕوداوەكە نۆ سەردانكەری ئێرانی گیانیان لەدەستداوە و ٣٣ كەسی دیكەش برینداربون كە زۆربەیان باری تەندروستییان ناجێگیرە".

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە ئەمنی و تیمە پزیشكییەكان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە، بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە، هاوكات تەرمەكانیش بۆ پزیشكی دادوەری گواستراونەتەوە بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان.


PM:08:10:28/08/2023