عێراق هەنگاوێكی نوێ بەرامبەر بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات لەسنورەكانی هەرێم دەگرێتەبەر

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند، "رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا سەبارەت بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان پەیامێکە بۆ وڵاتانی دراوسێ تایبەت بە رەتکردنەوەی ئەو گروپانەی لەناو عێراقەوە هەڕەشەن بۆسەر وڵاتانی دراوسێ".

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣، هیشام ریکابی، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "رێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان شتێکی نوێ نییە، عێراق هەڵوێستی پتەو و رونی هەیە لەسەر پرسی هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی گروپە چەکدارەکانەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد،محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لە زیاتر لە بۆنەیەکدا رەتیکردۆەتەوە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و خاڵی دەستپێک بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێی.

هیشام ریکابی ئاشکرایکرد ، عێراق پێداگرە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکی پتەویان هەیە لەگەڵیدا، عێراق لەم بوارەدا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، هەروەها رێگری لە بونی هەر گروپێکی چەکدار دەکات کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی وڵاتانی دراوسێ بکات.

رونیشیکردەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی سێ بڕگەیی دیاریکراوە کە بریتین لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران دوای بڵاوەپێکردنی پاسەوانی سنور، رادەستکردنی داواکراوان دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنیان بەپێی یاسا و چەکداماڵین و دورخستنەوەی بنکە سەربازییەکان.


PM:09:43:28/08/2023