گەندەڵییەکی نوێی هاتوچۆی سلێمانی ئاشکرا دەکرێت


پەرلەمانتارێکی خوولی پێشوو ئاشکرای دەکات رۆژی سێ شەممە لە هاتوچۆی سلێمانی بە پارە ژمارە دراوە بە ٧ ئۆتۆمبیلی میکسەر.
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە " دوێنێ حەوت ئۆتۆمبێلی میکسەری خوار مۆدێل لە ھاتووچۆی سلێمانی بەپارە ژمارەیان پێدراوە" .

پەرلەمانتارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی" ژمارەیەك بەرپرسی حیزبی و حكومی، لە هاتووچۆی سلێمانی بە ساختەكاری سەرقاڵی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلن كە ئەو ئۆتۆمبێلانە لەو جۆرانەن كە لە پرۆسەی بیناكاریدا بەكار دەهێندرێن، ئەوانیش (میكسەر و پەمپ)ن".

لە درێژەی پۆستەکەیدا دەشڵێت ”بۆ هەر یەكێكیان ٢٠هەزار دۆلار (دوو دەفتەر) وەردەگرن بۆ گیرفانیان." 

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات '' تەنیا دوێنێ حەوت ئۆتۆمبێلی لەم جۆرە بە نایاسایی تۆمار كراوە، بۆیە پێویستە ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و هۆشداریشی لەوە داوە كە ئەوان رێكاری یاسایی دەگرنە بەر".

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی تا ئێستا چەند بەرپرسێکیان گۆڕدراوە، لەبەر رۆشنایی دوو لیژنەی لێکۆڵێنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و گەندەڵی لەو دەزگایە بەرەو سەرەوە تا پۆستە باڵاکان گەیشتبوو، هاوکات چاودێری داراییش لەسەر گەندەڵی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە راپۆرتی تێر و تەسەلی هەیە.




PM:12:24:07/09/2023