میدیاکانی پەکەکە پێشمەرگەکانی پارتی بە هێرشکردنە سەر گەریلا تۆمەتبار دەکەن

میدیاکانی پەکەکە ڕایدەگەیەنن" دوێنێ چەکدارانی پارتی بە ٢٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە ڕوویانکردووەتە سیدەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی گەریلا". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣ ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە" ئێوارەی دوێنێ چەکدارانی پارتی بە ٢٠٠ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازییەوە کە زرێپۆش و تانکیشیان تێدا بوو، گواسترانەوە بۆ ناوچەی سیدەکانی سەر بە هەرێمی برادۆست". 

ڕاشیگەیاندووە" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لەو چەکدارانەی پارتی لە گەورووی زینێ لە گۆڕەپانی گۆشین هێرشیان کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان و لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن گەریلاوە شەڕ هاتووەتە ئاراوە، تا ئێستاش ئاڵۆزی و گرژییەکان بەردەوامن". 


PM:02:47:14/09/2023