قوباد تاڵەبانی: جگە لە دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانەی عەربەت نەبووە

جێگری سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم ڕایدەگەیەنێت" جگە لە دژەتیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی عەربەت نەبووە". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێک، ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) پێشوازیکرد لە تۆرکیڵد بیگ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا رووداوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەت تاوتوێ کراو تێیدا نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

قوباد تاڵەبانی وتی" ئەم رووداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تیایدا هێزێکی فەرمی عێراقی و کوردستانی کراوەتە ئامانج کە هێزی دژەتیرۆری کوردستانە و بۆ هەموولایەکیش ئاشكرایە کە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوکار و هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا". 

هەروەها تاڵەبانی بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری رەتکردەوە و رایگەیاند" شەهیدەکان و بریندارەکانی رووداوەکە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەک جگە لە هێزی دژەتیرۆر هیچ هێزێکی دیکە لە فڕۆکەخانە نەبووە". 

دواشی لە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەورووپا کرد کە بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە هەنگاوی کردەی بنێن و سنوورێک بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێم و عێراق.

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ڕاگەیاند و وتی" شەڕڤانی پەکەکە و یەپەگە لەگەڵ دژەتیرۆری یەکێتی لە فڕۆکەخانەکە بوون". 


PM:06:32:20/09/2023