نەپەگە: سەرجەم هێزەکانمان لە مەخموور پاشەکشە پێکردووە

ئەمڕۆ لە راگەیاندنێکدا (نەپەکە) بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی لە مەخموور کشاندەوە و سوپای عێراق لە شوێنیان جێگیربوون.
 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە)، رایگەیاند" ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش بەهێزکرا و کۆنترۆڵی زۆر شاری گرنگی وەک موسڵ و رەقای بەدەستهێنا، هێرشی کردە زۆر ناوچەی کوردستان. لەوەها دۆخێکدا لە سەر بنەمای فەرمان و بانگەوازی ئامادەباشی لەلایەن رێبەر ئاپۆوە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە شێوەیەکی چالاک دەستبەکاربون...و لە یەکەم رۆژەوە هێزمان رەوانەی شەنگال کرد و رێگریمان لە کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدیمان کرد".

هەروەها وتی"دوایین ئەڵقەی ئەم قۆناغەی مێژوییەی هێزەکانمان لە کەمپی پەنابەرانی سیاسی شەهید رۆستەم جودییە لە مەخمور. بەڕێوەبەریی بزوتنەوەکەمان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانمان کە لەوێ ئەرکەکانیان تەواو بوە و بڕیاریدا کە هێزەکانمان لە مەخمور بکشێندرێنەوە. لە سەرەتای مانگی ئەیلول بەدواوە ئێمە هێزەکانی هەپەگە و یەژاستارمان لەوێ بە هۆی سەلامەتیانە بە شێوەیەکی شاراوە، رێکخراو و پلاندانراو قۆناغ بە قۆناغ کشاندوەتەوە بۆ هەڕێمەکانی پاراستنی مێدیا. ئێستا هیچ هێزێکی ئێمە لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور نەماوە، و ئەو بڕیارەش تەنیا لەسەر بنەمای فکری و بڕیاری بزووتنەوەکەمان بووە و لەسەر داوای هیچ لایەنێک و هێءزێک نەبووە و دڵنیاین خەڵکی وڵاتپارێزی مەخموور لێمان تێدەگات و دەتوانێت بە رێکخستنی مەدەنی خۆی بپارێزێت".

جێ ئاماژەیە کە لەدوای چووڵکردنی هێزەکانی نەپەگە لە مەخموور سوپای عێراق لە شوێنەکەیان جێگیربوون و، بەڵام کاروباری ئیداری و ژیاری کەمپەکە بەدەست خەڵکی ئاوارەکەی کەمپەکەوەیە.



PM:09:59:19/10/2023