پارتی: حکومەتی عێراق ناتوانێت هێزی بیانی لە شنگال دەربکات

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی عێراق ناتوانێت هێزە بیانییەکان لە قەزای شنگال دووربخاتەوە". 

ڤیان دەخیل وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" هێشتا سیاسەتی عێراق یارمەتیدەر نەبووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، کێشەمان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ناو شنگال هەیە".

وتیشی" یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە دەرکردنی هێزە بیانییەکانە لە شارەکە، بەڵام پێدەچێت حکومەتی عێراق توانای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە ناوخۆی شنگالەوە نەبێت، لەنێویاندا گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و پارتی کرێکارانی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە حکومەتی عێراق هەندێک خاڵی ڕێککەوتنی شنگالی جێبەجێکرد، بەڵام ئەو خاڵانە گرنگ نەبوون تا ئەوکاتەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت.

ڤیان دەخیل جەختیشی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە کردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوارە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت. 

ڕاشیگەیاند" تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کچ و ژن و منداڵی ئێزیدی لە ژێر دەستی داعشن و چارەنووسیان نادیارە، گلەیی و ڕەخنەی ئێمە لە حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە کە جددی نەبووە لە بەدواداچوونی جددی پرسی ئێزیدییە ڕفێنراوەکان". 

لە ماوەکانی ڕابردوودا حکومەتی عێراق و هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بە مەرجی بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەسەڵاتی دادوەری لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە.


PM:03:40:21/10/2023