سودانی: ئەنجامدەرانی هێرشی سەر هێزە نێودەوڵەتییەکان دادگایی دەکرێن

سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد، تاوانبارانی هێرشەکان، بۆ سەر ئەو بنکانەی کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا جێگیرکراون، دادگایی بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ڕۆژی دووشەممە ١ی ئۆکتۆبەر، وتەبێژی سودانی هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر بنکەکانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە قبوڵنەکراو ناوبرد و ڕایگەیاند "کە ئەو کەسانە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەم وڵاتەدا ئامادەن".

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، بنکەی هەریر لە پارێزگای هەولێر و بنکەیەکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بە هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سودانی فەرمانی بە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە "رێوشوێنی ئەمنی خۆپارێزی" بەکاربهێنن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئەو بنکانەی کە هێزە نێودەوڵەتییەکان و سەربازە ئەمریکییەکان تێیدا جێگیرکراون.

لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا چڕتر بووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئۆکتۆبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە دا کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق بەدوور بگرن، ئەمەش دوای زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کارمەندان و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.



PM:06:34:23/10/2023