وەزارەتی شەهیدان لەسەر دابەشكردنی زەوی روونكردنەوە دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی تەشرینی ٢٠٢٣ تیروپشک بۆ دابەشكردنی زیاتر لە٤٠٠ پارچە زەوی بۆ زیندانیان سیاسی لە سلێمانی بكرێت و وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت" هەموو ئەوانەی ناویان تۆمار كراوە سودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی".

عادل حەمە ساڵح وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە" حکومەتی ھەرێم پێشتر لەسەر دابەشکردنی زیاتر لە یازدە ھەزار پارچە زەوی بۆ کەس و کاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی ڕەزامەندی دابوو، بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و ھەموو ئەوانەی ناویان لە لیستی حکوومەتدا هاتووە بۆ وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون سوودمەند دەبن لە بڕیارەکەی حکومەت".

وتیشی" لە پارێزگا و ناوچەکانی دیکەش پێشتر پرۆسەکە بەڕێوەچووە و ئەوانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوونە ئەوانیش لە بڕیارەکەی حکومەتی سوودمەند دەبن و بە چەند قۆناغێک یازدە ھەزار پارچە زەوی بەسەر  کەس و کاری شەھیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانییانی سیاسی دابەش دەکرێت.

دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی شەهیدان رایگەیاند" لە پارێزگای سلێمانی یەک ھەزار و ١٠٠ زیندانی سیاسی و ڕاگیراو فەرمانی وەرگرتنی زەویان ھەیە".

ئەمڕۆ پێنجشەممەش تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی دەکرێت و زیاتر لە ٤٠٠ زیندانی سیاسی سوودمەند دەبن.


PM:01:20:26/10/2023