ئێران.. دوو مامۆستای کوردی ١٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا

دوو مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیر کراون و حوکمی دە ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە" ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان  لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاوە".

هەروەها بڵاویکردۆتەوە کە "هەریەک سزای دە ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، بەشێوەی فەرمی بە پارێزەرەکانیان  ڕاگەیەندراوە".

ئیدریس مینبەری لە لاپەڕەکەی خۆی بڵاوی کردبووە کە ئەو سزایە بەهۆی تۆمەتی وەکوو "شوێنکەوتنی لاپەڕەکانی هەنگاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، ڕەواییدان بە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژین بەمەبەستی دانانی کارگەی فێرکاری لەبارەی فیدراڵیزم و ژمارەیەک تۆمەتی دیکە بەسەریدا سەپێندراوە".





 



PM:01:46:27/10/2023