ئەمشەو هەینی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دوایین هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی ئەمساڵی خوێندنگەکان ڕاگەیەند و ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بۆجارێکی دیکە خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی کە پێکهاتوون لە مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ و مامۆستایانی زانکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" دوای کۆبونەوەمان لەبارەی پێشهاتەکان بڕیارماندا وەک ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەردەوامی بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بدەین".
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دووبارە دێنەوە سەر شەقام و خۆپیشاندان دەست پێدەکەن.
جەختیش دەکەنەوە، بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی دەوام تاوەکو سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.