حکومەتی عێراق: داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا عێراق وێران دەکات

وتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدربۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایگەیاند" داخستنی باڵوەزخانەی ئەمریکا  کاریگەری نەرێنی دەبێت و عێراق وێران دەکات".

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی موقتەدا سەدر بۆ داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی(عەهد) ڕایگەیاند" عیراق پابەندیی نێودەوڵەتیی گەورەی لەسەرشانە و هەر بڕیارێك بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان کاریگەریی گەورە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دروست دەکات".

عەوادی وتیشی" بڕیارەکەی پێشووی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی سوید، نیگەرانیی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لە باڵیۆزخانەکانەوە داوای ئەوەمان پێگەیشت کە دەبێت نێردە دیپلۆماسییەکان لە دەستدرێژی بپارێزرێن، بۆیە هەنگاوی هاوشێوە بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان  کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت و وێرانی دەکات".

وتەبێژی حكوموتی عێراق لەم بارەوە رایگەیاند" داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نەك تەنها کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی وێران بوونی عێراقیش، ئەویش بە هۆی گرنگیی بوونی نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا".

ئەمە لە کاتێکدایە کە  ماوەیەک لەمەوبەر موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کرد بە هۆی پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە نێوان شەڕی ئیسرائیل و حەماس، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دابخەن. 



PM:12:07:30/10/2023