"دوای ٢٨ ساڵ زیندانی تاوانباری تەقینەوەکەی زاخۆ گیانی لەدەستدا"

بەڕێوەبەری چاکسازی دهۆک ڕایدەگەیەنێت" تاوانباری تەقینەوەکەی زاخۆ کە تێیدا (٩٤) کەس گیانیان لەدەستدا، بەهۆی نەخۆشییەوە دوای (٢٨) ساڵ زیندانی، لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی لەدەستدا". 
 
عەمیدی ماف محەممەد حەسەن بەڕێوەبەری چاکسازی دهۆک، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بە (ڕووداوی) ڕاگەیاندووە" ئەحمەد ساڵح تاوانباری تەقینەوەکەی زاخۆ مانگێک و شەش رۆژ نەخۆش بوو، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە دوێنێ لە دەرەوەی زیندان و لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک گیانی لەدەستدا".
 
وتیشی" ئەحمەد ساڵح تۆمەتباری تەقینەوەکەی ساڵی (١٩٩٥)ی زاخۆ بوو، ماوەی (٢٨) ساڵە لە زینداندایە، تاوانبارەکە بەپێی کردەوەکەی سزا دراوە و سزای سێدارەی هەبووە". 
 
رۆژی ٢٧ی شوباتی ١٩٩٥ لە تەقینەوەیەکدا لە شاری زاخۆ (٩٤) هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە (١٨٥) کەسی دیکەش برینداربوون.


PM:12:11:01/11/2023