لانیکەم ٣٠ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوور گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون کە لەم نێوانە ٣ کەسا گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ کەسیتریش بریندار بوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردۆتەوە " لە ماوەی مانگی رابردوو واتە تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لانی کەم ٣٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون کە ٩٣.٢٪ی ئەو حاڵەتانەش بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون".
بەپێی ئامارەکانی ئەم رێکخراوە لەم ماوەدا ٣ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ٢٧ کۆڵبەریتریش بریندار بوون کە کەسێکیان مێرمنداڵ و تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە و زۆرترین قوربانییەکان لە پارێزگای کرماشان تۆمار کراوە".
بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.