دژی سەردانەكەی بلینكن بۆ بەغداد
سەدر داوا لە لایەنگرەكانی دەکات بەپەلە بڕژێنە سەر شەقامەكان

وەزیرەکەی سەدر داوا لە لایەنگرەكانی دەکات بەپەلە بڕژێنە سەر شەقامەكان، وەك ناڕەزایەتییەك دژی سەردانەكەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغداد خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیری سەدر، ئەمشەو یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) لە پەیامێكدا ڕایگەیاند" دەبێت دەستبەجێ بچنە گۆڕەپانی تەحریر بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئیدانە بکەن". 

هەروەها وەزیرەکەی سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای سووتاندنی وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانی "تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی دەکات، ئەوانەی ڕەزامەندییان لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی غەززە داوە". وەک ئاماژەیەک بۆ (جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل). 
 
ئەمشەو ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. 

دوای ئەویش هۆشداری بە "میلیشیاکانی لایەنگری ئێران" دا کە شەڕی غەززە نەقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانیان، وێڕای دووپاتکردنەوەی بەردەوامی هاوکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق.


PM:10:42:05/11/2023