هۆشداری دروستبوونی لافاو دەدرێت

شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دروستبوونی لافاو دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا و دەڵێت" ئەگەریش زۆرە یەكەم شەپۆلی بەهێزی هەفتەی داهاتوو پەڵەی سەرتاسەری بدات". 

شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی، ئەمڕۆ شەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە" داوا لەو جووتیارانە دەكەم كە تۆوەكانیان نەچاندووە، ئەم چەند رۆژەی داهاتوو تۆوەكانیان داچێنن چونكە ناوەڕاستی مانگ بەولاوە كەشی تەڕ و زۆر باش دەستپێدەكات". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەستەمە كەشێكی باش بۆ داچاندن دوای ناوەڕاستی ئەم مانگە هەبێت بۆ جووتیار و شەپۆلەكان مەودایان لێك نزیك و كورتە بە دوای یەكەوەن.

شاڵاو هیدایەت پێشبینیش دەکات، زۆربەی شەپۆلەكان بەهێزبن و لافاوی زۆریش لە ئارادایە و ئەگەریش زۆرە یەكەم شەپۆلی بەهێزی هەفتەی داهاتوو پەڵەی سەرتاسەری بدات.

لای خۆشییەوە بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا بارانی بە لێزمە دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە. 


PM:03:33:11/11/2023