"هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەگەنە رێککەوتن"

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەگەن بە رێککەوتن"، دەشڵێت" هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوت كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتن". 

بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق، لە لێدوانێکدا بە کوردستان (٢٤)ی ڕاگەیاندووە" شاندەکەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوتی فیدراڵی لە هەولێرن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی و توركیاش هیچ كێشه‌یه‌كی لە هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هەرێم نییه‌". 

بەنگین رێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، ھەولێر و بەغدا بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتن، ئەو کێشانەی ماوە لەگەڵ کۆمپانیاکانە و چارەسەر دەکرێن و دواتریش دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

وتیشی" لە یاسای بودجه‌ی فیدراڵی پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م بۆ كۆمپانیاكان دانراوه، کە ناگاتە بەهای کارکردنی کۆمپانیاکان لە پرۆسەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لە هەوڵی ئەوەشدان کە ئەو پارەیە زیادبکرێت". 

بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامانجی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، شاندێکی وەزارەتی باڵای نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتی حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق گەیشتنە هەولێر. 

لە ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە لەسەر بڕیاری دادگای  نێودەوڵەتی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە و تائێستاش سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە.


AM:12:08:13/11/2023