شەپۆلێکی بەفرو باران دەستپێدەکات‌و لافاو هەڵدەسێت


پسپۆریكی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە رۆژی یەک شەممەو دوو شەممەدا بارانێکی زۆری بەخوڕ بە باوەو ببارێت و لافاو هەستێت و بەفریش لە شوێنە بەرزەکان ببارێت.

پسپۆری بواری کەشناسی، ئاراز جەبار لە نووسینێکدا دەڵێت" ئەوەی چاوەروانی بوون سەبارەت بە شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین".

لە پۆستەدا پێشبینی دەکات لە نیوەرۆی سبەی یەکشەمەوە ١٩ ی تشرینی دووەم لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەراست خێرای با لە زۆربەی ناوچەکاندا مامناوەند چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥-٣٠کم/ک لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە، لەکاتەکانی ئێوارەی سبەیدا کاریگەری سەرەتایی شەپۆلەکە لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات بەشێوەی بارانی مامناوەند و لەکاتەکانی شەودا چالاکتر ئەبێت بۆ بارانی بەردەوام و بەخوڕ لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسکە لە زۆربەی ناوچەکاندا ھاوکات خێرای با لەکاتی باران ناوبەناو چالاکتر ئەبێت لەنێوان ٢٠-٤٥ کم/ک".

ئەو شارەزایە دەشڵێت" کاتە جیاوازەکانی رۆژی دووشەمە  چەقی بەھێزی چڕی بارانەکە ئەبێت لەسەر سەرجەم ناوچەکان بەشێوەی بەردەوام و ھەندێک کات ئاستی بارانەکە بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسکە و ھەندێ ناوچەش تەرزە بارین ئەبێت، بەھۆی کاریگەری ئەو بارستە ھەوای ساردەی لەگەڵ ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە ناوچەکە دەگرێتەوە ھەر لە رۆژی دووشەمە پلەکانی گەرما بەرێژەی ٤ تا ٦ پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ وسبەی نزمتر ئەبێتەوە".

ئەو شەپۆلە نوێیە، کەشێکی سارد دروست دەکات لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکاندا. ( ئاراز جەبار ئاماژەی بۆ دەکات).

 ئەو پسپۆرە دەشڵێت "لە نێوان ئێوارەی دووشەم بۆ بەرەبەیانی سێشەمە بەھۆی زیاتر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەردەوامی شەپۆلەکە ئەگەری بارینی بەفر لەسەنتەری حاجی ئۆمەران ئەو ناوچە شاخاویانە ئەبێت کە بەرزیان زیاتر لە ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ، بەگشتی کاریگەری ئەم شەپۆلە تا نیوەرۆی سێشەمە بەردەوامی ئەبێت و دواتر کەشەکە سەقامگیر ئەبێتەوە" .

لەبارەی درووستبوونەی لافاوەوە، پێشبینی دەکات، لەماوەی درەنگانی سبەی شەو تا ئێوارەی دووشەمە کە چەقی ئەم شەپۆلەیە ئەگەری دروستبوونی لافاو ئەبێت بەتایبەتیش لەسەنتەری پارێزگای ھەولێر و دەوروبەری ، سنوری ئیدارەی سۆران و سنوری قەزای ئاکرێ و ئامێدی ، بادینان بەگشتی پێشبینی زۆرترین رێژەی بارانبارین لەو ناوچانەدا دەکرێت کە رێژەکەی لەنێوان ٦٠ تا زیاتر لە ١٠٠ ملیممەترە ، لە سەرتاسەری ناوچەکانیشدا رێژەی باران لەسەروو ٤٠ بۆ ٥٠ ملیممەتر چاوەروان دەکرێت تا نزیک ١٠٠ ملیممەتر ، لەناوچەکانی دیکەشدا سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و دھۆک و ئیدارەی راپەرین ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی ئاستەنگی ھاتوچۆ ئەبێت لەسەر ناوچە نزمەکان ئەو شوێنانەی رێرەوی ئاوی باراناویان پێدا تێپەردەبێت یان کۆدەبێتەوە ، لەماوەی ئەم بارانەدا ھەموو شوێنەکان پەڵەدانیان مسۆگەرە. 



AM:09:56:18/11/2023