لەسەر مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات

وەزیرى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت" شاندێکی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ سەردانی بەغداد دەکاتەوە"، دەشڵیت" لە ئێستاشدا چاوەڕوانینى حکومەتی فیدراڵین بۆ ناردنى (٧٠٠) ملیارەکە". 

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانی زانکۆی کۆیە لە پڕۆژەی (هەژماری من)، سەردانی ئەو زانکۆیەی کرد و دواتر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" حکومەتی هەرێم بوودجەی وردبینی بۆ حکومەتی فیدراڵی ناردووە و تیمى دانوستانیشمان ئامادەیە بۆ چوونە بەغداد و دانوستانکردن لەسەر پرسى مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ". 

وتیشی" محەمەد شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماده‌یی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم". 

پەیوەست بە ناردنی (٧٠٠) ملیاره‌كه‌ی به‌غداد بۆ مووچه‌ی مانگی ٩ی ئه‌مساڵ، ئاوات شێخ جەناب ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی داراییه‌ هه‌مووی جێبه‌جێكردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك لای ئەوان نه‌ماوه‌ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن جێبه‌جێ بكرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و وتی" لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژەکە لە هەولێر کۆتایی دێت و مانگی داهاتوو لە سلێمانی و دهۆکیش دەستپێدەکات". 


AM:11:29:22/11/2023