قوباد تاڵەبانی: دانوستانەکان لەگەڵ بەغداد بەردەوامن بۆ ناردنی مووچە دواکەوتووەکان

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت" ئاگاداری دۆخی مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمین". دەشڵێت" پێویستە حکومەتی فیدراڵ سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێم بنێرێت". 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە پشانگای کتێب لە سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند" سلێمانی شاری رۆشنبیری، بۆیە هەر دەبێت وابێت و پێشانگای کتێبی تێدا بەڕێوەبچێت". 

لەبارەی پرسی مووچە و بایکۆتی مامۆستایانەوە قوباد تاڵەبانی وتی" کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەران و پابەندبوون بە یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند بووە بە هەموو ئەو خاڵانەی لە یاسای بودجەدا هاتووە". 

دەشڵێت" کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو مافێکی پێویست بۆ فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابین بکەین و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆ دەکەین بۆ ناردنی مووچە دواکەوتووەکان بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە چارەنوسی ٧٠٠ ملیاری سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، ڕاشیگەیاند" فشارمان لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە بودجەی ئەو سێ مانگە بنێرن کە هێشا ماوە و قەرزارن".

قوباد تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام دەبن بۆ یەکخستنی ماڵی کورد، کۆبوونەوەکەی یەکێتی لەگەڵ پارتی ئەرێنی بوو، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بە ڕێکوپێکی کۆدەبینەوە بۆ دروستکردنی کەشێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر کێشەکانی ئێستادا زاڵ بین". 


PM:02:12:23/11/2023