بەمەبەستی پاراستنی لە لافاو بەغدا ١٤ ملیار دینار بۆ هەولێر خەرجدەکات


پارێزگاری هەولێر ئاشکرایکرد کە ڕەزامەندی وەرگیراوە بە وەرگرتنی ١٤ ملیار دینار لەسەر بودجەی فریاکەوتنی عێراق، بەمەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینکردنی ئاو بۆ پارێزگاکە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ ٢٤ ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت " لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە میانی سەردانێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، پرۆژە پلانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینکردنی ئاو، بە گوژمەی (١٤ملیار دینار) ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا، کە چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری تایبەت بە چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی و مەترسییەکانی لافاو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوای لە خۆ گرتبوو".

لە درێژەی راگەیاندنەکەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە" سەبارەت بە هەمان پرس ١٣ی ئەم مانگە لە بەغدا چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانی ئاو بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، و لیژنەی ناوبراویش بە کۆی دەنگ پرۆژەکەی هەولێریان پەسەند کرد و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقیان کرد بۆ دەستکردن بە ڕێکاری یاسایی".

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای دەکات، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی ژمارە (٥٦٩٩٧) کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کراوە، ڕەزامەندی دراوە لە سەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست بە خەرجکردنی (١٤ملیار دینار) لەسەر بودجەی فریاکەوتنی عێراق بۆ هەولێر بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەکان.

باس لەوەش دەکرێت، بە جێبەجێ بوونی ئەو پرۆژانە کە تایبەتە بە لێدانی ژمارەیەک بیری تازە، دروستکردنی ژمارەیەک پۆند و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکانی ئاو، بەشێکی دیکە لە پلانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکات.



PM:11:26:24/11/2023