دەمیرتاش‌و كشاناك‌و بایدەمیر گەیشتنە كۆبانی


ئەمرۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و گوڵتەن كشاناك ‌و عوسمان بایدەمیر چەند سەركردەیەكی دیكەی كوردی باكور بەسەردانێك گەیشتنە كۆبانی.

نیوەرۆی ئەمرۆ سێشەممە هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)‌و گوڵتەن كشاناك، شارەداری ئامەد‌و عوسمان بایدەمیر پارێزگاری پێشووی ئامەد لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكە باكوری كوردستان لەسنور پەرینەوە‌و بەسەردانێك گەیشتنە كۆبانی.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پاش سەردانەكە‌و گەڕانەوەی بەكۆبانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رەوشی كۆبانی راگەیاند.

دەمیرتاش وتی: "ژمارەیەك لە گوندی دەوروبەری كۆبانێ لە سێ لاوە لەلایەن داعشەوە گەمارۆدراوە، بەڵام ناوەڕاستی كۆبانێ لەژێر دەستی یەكینەكانی پاراستنی گەلدایە و داعش ناتوانێ پێشڕەوی بكات، بەڵام كێشەی كۆبانێ ئەوەیە لەم لایەشەوە توركیا سنووری داخستووە، ئەمە وادەكات كۆبانێ لە هیچ لایەكەوە هاوكاری و كۆمەكی پێنەگات، ئەمە لەكاتێكدا سنووری توركیا بۆ كۆبانێ تاكە دەروازەی هەناسەدانە".

هەروەها داوایكرد كە هەماهەنگی لەنێوان ئەو خەڵكەی وەك خۆبەش لە ژمارەیەك شاری توركیا و باكووری كوردستانەوە هاتوونەتە سەر سنوور و نۆبەتیان گرتووە لەگەڵ حكومەتی توركیا پێكبێن، بە بۆچوونی دەمیرتاش "ئەم هەماهەنگییە زۆر گرنگترە لەوەی توركیا بیەوێ ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی ئەنجامبدات".

بە گرنگیشی زانی هاوكاری لەنێوان YPG و توركیا دروست ببێت و گوتی: "مادەم داعش هەڕەشەیە بۆ سەر توركیا، دەبێ توركیا لەگەڵ پەیەدە پەیوەندی هەبێت و پەرەی پێبدات، بۆ پاراستنی تەناهی  ناوچەكە و حكومەتی توركیا دەبێ بە باشی مامەڵەی ئەو كەسانە بكات كە لەسەر سنوور نۆبەت دەگرن و پێویستە سوپاسیان بكات كە 15 رۆژە بەرخودان دەكەن".

رەخنەی لە هەڵوێستی توركیاش گرت كە بە گازی فرمێسكڕێژ رووبەڕووی ئاوارەكان بووەتەوە و گوتی: "خەڵكەكەمان لەلایەك شەڕی داعش دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە شەڕ بەرامبەر گازی فرمێسكڕێژ و بۆمبەكانی هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەكات، هەماهەنگی لەنێوان خەڵكی نۆبەكێش و حكومەتی توركیا یەپەگە زۆر گرنگە، چونكە ئەگەر داعش دەست بەسەر كۆبانێدا بگرێ شەڕی شار دەستپێدەكات و كەس نازانێ كەی تەواو دەبێت، بە جۆرێك ناتوانرێ رێگا لەبەردەم هەڕەشەی داعش بۆ سەر توركیا بگیردرێ".

بە گرنگیشی زانی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی بەپەلەی بەرامبەر كۆبانێ هەبێت و گوتی: "ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە بێدەنگبوونی لەسەر رەوشی كۆبانێ، ئەو كاتە بەرپرسیارییەتی روودانی هەر ئەگەرێكی ناخۆش لەسەر ئێمە نابێت، چونكە ئێمە ئەركی خۆمان بەجێهێناوە، ئەوان بەرپرسیار دەبن لە كەوتنی كۆبانێ".



PM:04:12:30/09/2014