رۆژهەڵاتی کوردستان.. بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان ٥ کۆڵبەر دەبنە قووربانی

لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، چوار کۆڵبەری خەڵکی سەقز و یەکێکی خەڵکی بۆکان لە سنووری بانە بریندار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ئێوارەی چوارشەممە ئارمان قاسمی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بەناوی کارۆ تەجروبەکار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری بانە بریندارکران".

ڕوونیکردەوە" کە ڕۆژی سێشەممەش ئاروین ڕەشیدی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندارکرا".

ئێوارەی شەممەش، دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی محەممەد وەیسی، خەڵکی سەقز و زاهیر(ناوبانگ نادیار)، خەڵکی بۆکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندارکرابوون.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند" ئەو پێنج کۆڵبەرە بەهۆی سەختی برینەکانییانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، زاهیر، کۆڵبەری خەڵکی بۆکان نەشتەرگەری بۆ کراوە و بارودۆخی ئاروین ڕەشیدیش لە نەخۆشخانەی شەفای سەقز ناجێگیر ڕاگەیەندراوە".


AM:11:07:30/11/2023