ئێران پێشنیاری نمایشی سەربازی لەگەڵ عێراق دەکات

‌سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق لەگەڵ محەمەد باقر سەرۆکی ئەرکانی ئێران

بۆ یەکەمجارە کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگای فەرماندەی دەستەی ئەرکانی سووپای ئێرانەوە داوای سازدانی نمایشی سەربازی بۆ بەرپرسانی سەربازی عێراق لەسەر سنوری هەردوو وڵات دەکات، بەتایبەتی لە سنوری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاویکردۆتەوە فەرماندەی ئەرکانی سووپای ئێران محەمەد باقری ئێستا لە عێراقەو بۆ سێ رۆژ دەمێنێتەوە.
لەو کۆبوونەوانەدا پێشنیاری سازدانی نمایشی سەربازی هاوبەشی لەسەر سنور لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراقدا کردووە، کە ئەمە یەکەمجارە ئەم وڵاتە داوای نمایشی سەربازی بکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە جەنگێکی گەورەدایە لە نێوان فەلەسینییەکان و ئیسرائیلییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراق کە سەر بە ئێران رۆژانە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دەکەنە ئامانج و ئەمەریکاش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیان دەداتەوە. 

چاودێرانی سیاسی بۆ رۆژنامەکەیان باس کردووە کە مانۆرە سەربازییەکە ئەگەر سازبکرێت پشکی شێری بەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم دەکەوێت کە لە چەند مانگی رابردوودا ئێران هێزە ئۆپزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە سازدانی چالاکی لەناو ئێراندا تۆمەتبار دەکرد، مانگی ئازاری ئەمساڵیش عێراق و ئێران بە هاوبەشی نوێنەرانی هەرێمیش رێککەوتنێکی ئەمنیان بۆ دوورخستنەوەی پێشمەرگەی ئەو لایەنانە مۆرکردو رێککەوتنەکەش خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.



AM:11:45:04/12/2023