"هیچ رێگرییه‌ك بۆ ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد نییه‌"

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت" هیچ وەزیرێک ناتوانێت رێگری لە ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بکات". 

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لیژنەی دارایی پەرلەمان هیچ رەخنەی لە ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نییە و هیچ وەزیرێکی دیکەش مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ئه‌و بڕیاره‌ رابگرێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا بڕی ئەو (٧٠٠) ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەر لەم هەفتەیەشدا ئەندامانی لیژنەی درایی و لیژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبنەوە کە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەکەش تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە. 

پێشتریش فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغداد راگەیاندبوو، رێککارەکانی ناردنی (٧٠٠) ملیارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەواوبووە و ئەم هەفتەیە بڕە پارەکە دەگات.


AM:12:01:05/12/2023