ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێم دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری راگەیاند و دەڵێت" کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنیشیان زیاتر لە (یەک کیلۆ کریستاڵ و بڕێک جامایکا و حەبی کەپتاگۆن) دەستی بەسەردا گیراوە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەشڵێت" پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".