رۆژهەڵاتی کوردستان.. پێنج کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار دەکرێن

لە ماوەی یەک هەفتەدا پێنج کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارارەکانی ئێران لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە " لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی کەیوان ئەحمەدی، تەمەن ٣٤ ساڵ و فەرهاد محەممەدی، تەمەن ٢٧ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی سەقزن و هەروەها مەحموود کامەرانی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان  بریندار بوون".

هەروەها بڵاویکردووەتەوە " هەر لەم هەفتەیەدا کۆڵبەرێک خەڵکی گوندی(بەلەبزان)ی سەر بە شاری پاوە و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی (تازاوا)ی سەر بە ناوچەی شاهۆی شاری ڕوانسەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری نەوسوود بریندار بوون".

بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.



PM:02:36:15/12/2023