بنکەی سەربازی ئەمریکا لە سوریا بۆردوومان دەکرێت

لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و مقاومەی ئیسلامی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە سوریا و گروپی مقاومەی ئیسلامی هێرشەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت.

لە راگەیەندراوێکدا بەرەی مقاومەی ئیسلامی عێراق بڵاویکردەوە" لە بەرامبەر پشتگیرییەکانی بۆ ئیسرائیل، لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتەوە سەر هەردوو کێڵگەی عومەر و کۆنیکۆی سەر بەهێزەکانی ئەمەریکا لە قوڵایی خاکی سووریا".

هەروەها وتویەتی" توانیویانە هەردوو ئامانجەکەیان بە وردی بپێکن".

ئەمە لەکاتێکدایە، پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە" لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە تائێستا، لە عێراق و سووریا ٨٩ هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کراونەتە سەر هێزەکانمان".

راشیگەیاند " لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەماهەنگی نزیک دادەبین، بەڵام لە کۆتاییدا، ئەگەر هەڕەشە لە هێزەکانمان بکرێت، دوو دڵ نابین لە هەنگاونان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان".

ئەمەریکا لە عێراق، جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە بەرپرسانی بەغدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو دەستدرێژیانە بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشداوە" گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەپشتیوانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەپێناو پێشێلکردنی سەربەخۆی و سەروەری عێراق".



AM:09:22:17/12/2023