ئاو چووە وێستگەی کارەبای دەربەندیخان و لە مێرگەسۆریش هۆشداری لافاو دەدرێت

بە هۆی لافاوەکەی شەوی ڕابردوو، ئاو چووە وێستگەی کارەبای دەربەندیخانەوە و قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆریش هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی دروستبوونی لافاودا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، حەمید عەلی، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای دەربەندیخان ڕایگەیاند" درەنگانی ئەم شەو بەهۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو، ئاو چووە ناو وێستگەی گۆڕینی کارەبای بەرێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان".

وتیشی" کارمەندەکانمان بەهاوکاری و هەماهەنگی، قایمقامی دەربەندیخان و شارەوانی دەربەندیخان و بنکەی ئاگرکوژێنەوە و بەنداو و دابەشکردنی دەربەندیخان، ڕێڕەوی ئاوی باراناویان لە تۆڕی وێستگەکە دوورخستەوە".

ڕاشیگەیاند" ئەو ڕێژە ئاوەی چووبووە ناو گەلەری تۆڕەکە لەڕێگەی فەرمانبەرەکانیان و بەرگری شارستانی دەربەندیخان، دەرکرا و مەترسی سەر وێستگەکە نەهێڵدرا".

لە لایەکی دیکەشەوە، قائیمقامیەتی مێرگەسۆر ڕایگەیاند" ئەو هاووڵاتییانەی ماڵەكانیان لە نزیك شیو و كانیاو و جۆگەكانە ئاگادار دەکەین، لەكاتی باران بارینی زۆر و مەترسی لافاودا پێویستە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن".

داواشی لێکردن لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بە زووترین کات بەڕێوەبەری ناحیەکانیان ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات تیمەکانمان بگەنە جێگای مەبەست بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان.

لە ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی کاریگەرییەکەی تا سبەینی دووشەممە بەردەوام دەبێت.


AM:11:31:24/12/2023