شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکاتەوە

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" جەخت لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەكەینەوە"، دەشڵێت" شاندی هەرێم بۆ پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغداد دەکاتەوە". 

جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پێشبینیدەکرێت لەم ماوەیەدا وەفدی هەرێم بۆ پرسی یاسای بودجە، مووچە، نەوت، غاز، ناوچە كوردستانییەكان سەردانی بەغداد بکاتەوە". 

وتیشی" پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، پەیوەندی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشكراوە، بەڵام پرسەكە لە نێوان ئەنقەرە و بەغداد ماوەتەوە". 

جوتیار عادل جەختیشیکردەوە، جەخت لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەكەنەوە كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە، گرنگە ئەو پرسەش بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەربكرێن. 

لەبارەی هەڵبژاردنی‌ داهاتووی په‌رله‌مانی‌ كوردستان، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم وتی" دەمانەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە". 


PM:09:31:24/12/2023