لە سەرەتای ساڵی تازەوە شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە پێناو گەشتن بوو بە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشت و دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم وەک عێراق لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە میانی گفتوگۆیەکی بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "لە سەرەتای ساڵی تازە لە ٦ی تاوەکو ١٠کۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، بۆ سەقامگیری عێراق و مانەوەی عێراق بە سەقامگیری دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم جیا بکرێتەوە و فەرمانبەرانی هەرێمیش وەک عێراق لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".

وتیشی، "لە ساڵی ٢٠٢٣ لە پێناو گەیشتن بەچارەسەر پشوو درێژبووین، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە، پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێککەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکومەتی فیدڕاڵ حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت".

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ هەوڵی زۆرمانداو دانیشتنی زۆر کراون لەسەر پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان، باج و وردەکاری لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لە هەمووی گرنگتر مەسەلەی نەوت، حکومەت هیچ نەمایەوە بیکات چی پێویست بوو کردمان، بۆیە ساڵی ٢٠٢٤ وەک ساڵی رابردوو ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە سەیر دەکەین، ئەو هەموو کاتەی بە کۆبوونەوە کوشتمان بە نیەتی دۆزینەوەی ڕێگە چارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە کات بدرێت بە کۆبوونەوەکان، چونکە ئەوەی پێویست بوو کردمان.


PM:10:26:26/12/2023