تەرمی دووکەس کە شێواون و ناناسرێنەوە دەدۆزرێنەوە

لەسەر رێگەی شەقڵاوە - هەریر، تەرمی دوو کەس دۆزراونەتەوە کە تائێستا هۆکاری گیانلەدەستدان و ناسنامەیان دیار نییە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی دوو کەس لەسەر رێگەی شەقڵاوە - هەریر دۆزرانەوە کە دوای ئەوەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، گواستراونەتەوە بۆ داپزیشکیی هەولێر بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانیان بکرێت.

سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند'' تەرمەکان هیچ ناسنامەیەکیان لەگەڵدا نەبووە، بە تەواویش شێواون و ناناسرێنەوە، تەنیا ئەوەندە دەرکەوتووە کە یەکێکیان ئافرەت بووە و تەرمەکەی دیکەش هێشتا یەکلایی نەبووەتە ئافرەتە یان پیاوە.''
 
تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکار و چۆنیێتیی کوژران یان گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتییەکە نەداوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.



PM:10:56:27/12/2023