كۆمسیۆنی باڵای عیراق ئامادەكاریی بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەکات

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئامادەكاریی بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات و بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش رایدەگەیەنێت: "ئەگەری هەیە ئەمشەو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت".

حسێن هادی، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەگەرێكی زۆر هەیە لەچەند كاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەشێوەیەكی فەرمی رابگەیەندرێت".

وتیشی:" دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، بەتەواوی روون دەبێتەوە كە ئایا ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی ئەو وێستگانەی كە نەتوانرا بەشێوەی ئەلیكترۆنی تەواو بكرێن، گۆڕانكاری لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن دەكات یان نا".

لەبارەی دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش عیراق، هۆكارەكەی بۆ زۆریی ژمارەی سكاڵاكان گەڕاندەوە كە لەلایەن لیست و قەوارە بەشدارەكانی هەڵبژاردن تۆماركراوەو وتی:" یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان كاتی زۆری ویست و بووە هۆی دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكە". 

رۆژی ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەچوو، دوای ٢٤ كاتژمێریش ئەنجامە بەراییەكان راگەیەندرا.

 


PM:07:37:28/12/2023