"درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر خرایە خوارەوە"

دژەتیرۆری کوردستان رایدەگەیەنێت" هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکی بۆمبڕێژکراویان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر خستووەتە خوارەوە".

دژە تیرۆری کوردستان CT (پارتی)، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ کاتژمێر (١٦:٥٤) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە". 

هەروەها لای خۆشیەوە گروپی مقاومەی ئیسلامی ڕایگەیاندووە" گروپێکی چەکداری عێراق بە بەکار‌هێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبرێژکراو هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی تایبەت بە هێزە ئەمریکییەکان و هێزی هاوپەیمانان". 

هەر ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند" شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر".

وتیشی" حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسا دەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکانی هەرێم". 


PM:06:40:31/12/2023