لە بەغداد فڕن بۆ پێدانی نان و سەمون لەبری ئارد بۆ هاوڵاتیان دادەنرێت

وەزارەتی بازرگانی هەنگاو دەنێت بۆ دامەزراندنی نانەواخانەکان لە بەغدا بۆ ئامادەکردنی سەمون بۆ هاوڵاتیان لەجیاتی ئارد بە بڕەپارەیەکی کەم، لەحاڵەتی سەرکەوتنی پرۆژەکەدا بۆ پارێزگاکانی دیکە دەگوازرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، تالیب حەسەن نەهمە، بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، "گرنگترین ئەو بەرنامانەی کە لە ساڵی نوێدا دەست پێدەکرێن لە نێو پلانەکاندا کە سێ ئاڕاستە لەخۆ دەگرێت، کە مامناوەند و درێژخایەنن، جگە لە سێیەمیان کە بە درێژایی ساڵ جێبەجێ دەکرێن، گرنگترینیان پڕۆژەی دامەزراندنی فڕنە بەمەبەستی پێدانی سەمون لەبری ئارد بە خێزانەکان و هەر تاکێک مانگانە ١١٠ سەموونی لەبەرامبەر بڕەپارەیەکی کەم پێ دەدرێت".

باسی لەوەشکرد،  پڕۆژەکە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بیسمەیە دەست پێدەکات لە ماوەی داهاتوودا دوای تەواوبوونی لایەنە تەکنیکی و لۆجستییەکانی پڕۆژەکە و ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی بەکرێدانی دوکانی تایبەت بۆ فرۆشتنی سەمون و هەروەها پشتیوانیکردنی کۆمەڵەی نانەواخانەی نیشتمانی بۆ دابینکردنی نان.

 بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان هۆکاری ئەم بڕیارەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ڕەتیان کردووەتەوە ئارد وەربگرن یان بە بریکارەکانیان فرۆشتووەتەوە بۆەیە بڕیاردراوە بە گۆڕینی ئارد بۆ سەموون و نان لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکدا و لەتەواوی پارێزگاکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت.


PM:01:51:02/01/2024