به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گشتی عێراق له ماوه‌ی ساڵی٢٠٢٣دا زیاتر له سێ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار پێبژاردن (غه‌رامه)ی هاتوچۆی به‌سه‌ر شۆفێرانی سه‌رپێچیكار سه‌پاندوه، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی "دیارده‌ییه" كاتێك به‌راورد ده‌كرێت به ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له عێراق و ده‌كاته نیوه‌ی هه‌مو ئۆتۆمبێله‌كان كه له‌و وڵاته‌دان.
میقداد میری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕایگه‌یاند، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ له ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر له سێ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار سه‌رپێچی هاتوچۆی له به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق تۆماركردوه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه سیسته‌می كامێرا به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی كردوه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌رپێچیه‌كانی هاتوچۆ، كه له‌م دواییانه‌دا رویان له زیادبون كردبوو".
ڕونیشیكرده‌وه، له ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٣دا شه‌ش هه‌زار و ٩٠٠ڕوداوی هاتوچۆ تۆماركراون، ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ پابه‌ندنه‌بونی خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كان به یاسا و ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ، به‌های ئه‌و داهاتانه‌شی كه له ماوه‌ی ساڵی٢٠٢٣دا به‌ده‌ست هاتون، وه‌كو له ئه‌نجامی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كان و سزاكان، ٤٦٩ ملیار دینار بون، له‌كاتێكدا له‌و ساڵه‌دا ٣٥٦ هه‌زار و ٨٠٠ تابلۆ به‌ئۆتۆمبێلی نوێ دراون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، ژماره‌ی سه‌رپێچیه‌كانی هاتوچۆ له ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٣، به‌راورد به ساڵی ڕابردوی ٢٠٢٢به ڕێژه‌ی زیاتر له ٣٠٠% رویان له‌زیادبون كردوه، كه له ساڵی ٢٠٢٢دا یه‌ك ملیۆن سه‌رپێچی هاتوچۆ تۆماركرابون.
زیاتر له حه‌وت ملیۆن ئۆتۆمبێل له عێراقدا هه‌یه، به‌پێی رێژه‌كه‌ی پێبژاردنی سه‌رپێچیكارانیش كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگاكانی عێراقه‌وه تۆماركراون، به‌واتای ئه‌وه دێت نیوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ساڵی رابردودا غه‌رامه‌یان بۆ كراوه.