هاتوچۆی سلێمانی: لەوەتەی کامێرای پۆینت تو پۆینت دانراوە هیچ ڕووداوێكی گیانلەدەستدان ڕووی نەداوە

هاتووچۆی سلێمانی ئاشکرای دەکات، لەوەتەی کامێرای پۆینت تو پۆینت دانراوە، هیچ ڕووداوێك لە ڕێگەی تاسڵوجە-دوکان ڕووی نەداوە کە گیانەدەستدانی لێ بکەوێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی لە لێدوانێکیدا باسی لە گرنگیی بوونی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت کرد لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییاندا، و  ڕایگەیاند، "تا ئێستا تەنها لە ڕێگەی هاتن و چوونی نێوان تاسڵوجە-دوکان کامێرای پۆینت تو پۆینت دانراوە و لەوەتەی کامێراکان خراونەتە کار هیچ ڕووداوێك ڕووی نەداوە کە گیانلەدەستدانی لێ کەوتبێتەوە".

ڕوونیشیکردەوە پێش دانانی کامێراکان، بە هۆی تیژڕەوییەوە ڕووداوی سەختی هاتووچۆ لەو ڕێگەیە تۆمار کراوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی وتیشی: "هیچ شتێك لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان گرنگتر نییە".


PM:04:47:03/01/2024