لە ساڵی رابردوو ٣٤١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەلاتی کوردستان بوونەتە قوربانی

لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٣٤١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٢٢ کەسیان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و ٨٧٪ ئەم کۆڵبەرانەش راستەوخۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەیان لێکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە راپۆرتێکدا ئاماری ئەو کۆڵبەرانی بڵاو کردووەتەوە کە لە ساڵی رابردودا بوونەتە قوربانی، بە گوێرەی راپۆرتەکە" ٣٤١ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٣دا کوژراون و بریندار کراون کە ٢٢ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە، و ٣٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٣٠٧ کۆڵبەریش بریندار کراون و ٢یتریش بێسەرشوێنن".

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە" ٨٧٪ی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون و ٤٪ی ئەم کۆڵبەرانە لە ئاکامی لێدان و توندوتیژیی ئەم هێزانە بریندار کراون ".

بە گوێرەی راپۆرتەکە ئەو ناوچە سنوورییانەی کە زۆرترین رێژەی کوژرانی کۆڵبەریان تێدا تۆمار کراوە، ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنەی رۆژهەلاتی کوردستانە کە بە ٤٩٪ زیاترین قوربانی کۆڵبەرییان هەبووە، دواترناوچە سنورییەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بە ٣٢٪ لە قوربانییانی کۆڵبەری، پلەی دووهەمیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

کوردپا جەختی لەوەشکردووەتەوە کە زۆرترین شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران" تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی" بووە و دواتر شێوازەکانی لێدان و توندوتیژیی هێزە نیزامییەکان، تەقەی هێزە نیزامییەکانی عێراق، بەربوونەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی مین، سەرمابردوویی و گیرۆدەبوون لە بەفر و بۆران، ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا، بەربوونەوە بۆ نێو ڕووبار لە کاتی کۆڵبەریدا، بێسەروشوێنبوون، کرانەژێرەوە بە ماشینی نیزامی، بەهۆکاری کۆژران یان برینداربوونی کۆڵبەران لەسەر سنوورەکانی رۆژهەلاتی کوردستان هەژماردەکرێن.

بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری مەترسیدار و دژواری کۆڵبەری ئەبەن، رۆژانە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو ئەبێتەوە.






AM:10:08:04/01/2024