پارێزگاری هەولێر: ساڵی ڕابردوو ١٠٥٣ پڕۆژە خزمەتگوزاریمان هەبووە

پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماری کار و پڕۆژەکانی ساڵی رابردووی سنووری پارێزگای هەولێری ئاشکرا کرد و  رایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لە هەولێر (١٠٥٣) پڕۆژە خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر لە (٢٠٢) ملیار دینار ئەنجامدراون

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤،
 ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند"لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لە هەولێر و دەوروبەری (١٠٥٣) پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی (٢٠٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار) ئەنجامدراون، ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بودجەی وەزارەتەکان، بودجەی داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدراوە".

 ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەکانلە سەرجەم سێکتەرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامە ناوخۆییەکان، رێگاوبانەکان، ئاو و ئاودێری، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافا و وشکەساڵی، سێکتەری پەروەردە و خوێندن، زیادکردنی رێژەی سەوزایی، سێکتەری تەندروستی، پڕۆژەکانی کارەبا، پڕۆەژەکانی تایبەت بە وەرزشی و لاوان و کشتوکاڵ.

پارێزگاری هەولێر دەربارەی پڕۆژەکان وپلانی ئەمساڵ باسی لەوەکرد، پلانی پەرەپێدانی ئەمساڵ ئامادەیە و ئەمڕۆش لەوبارەوە  لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەمان هەبووە،
لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان پڕۆژەکان دیاریکراون، کە بۆ ئەمساڵ (١٣٠ ملیار دینار) بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دیاریکراوە.

وتیشی"جگە لەوەی لە بودجەی گشتیی عێراق زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش لە حکومەتی عێراق بودجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت".


PM:08:40:04/01/2024