وەزارەتی کارەبا: هۆکاری کەمی کارەبا خواستی ناسروشتی هاوڵاتیانە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمی کارەبای نیشتمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ خواستی نائاسایی و ناسروشتی هاوڵاتیان و ئاماژە بەوە دەکات کە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا ناتوانێ ئەو خواستە پڕ بکاتەوە. 

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هۆکاری کەمی کارەبای نیشتمانی رایگەیاند" خواستی هاوڵاتیان خواستێکی ناسروشتی و نائاساییە و لە ئێستادا بڕەکەی گەیشتوەتە ٦٥٠٠ مێگاوات، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی کارەبا ناتوانێ ئەو خواستە پڕ بکاتەوە، ئەوەش هۆکاری سەرەکی کەمی کارەبایە، ئەوە جگە لە نەبونی سوتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکان".
 
ئومێد ئەحمەد هەروەها دەڵێت" نەبونی سوتەمەنی پێویست بۆ کارکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها نەبونی پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکان و پێداویستییەکانی وەزارەت، وایکردوە پاشەکشە بکەین لە پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان".

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا سەبارەت فرۆشتنی کارەبا شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەڵێت'' ئەوە بابەتێکی نوێ نییە و کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦دا دروستکردنی وێستەگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا تەواو بون، هەرێم لە دۆخێکی سەختی دارایدا بو، بودجە و پارەمان لەبەردەست نەبوە تا وزەیان لێ بکڕین و سوتەمەنیش نەبوە بدرێت پێیان، بۆیە دەستکراوەمان کردون بۆ ئەوەی بەشێکی بفرۆشن بە شارەکانی دیکە و هەرێمیش بۆ ئەو بابەتە هیچ قەرەبویەکیان نەکاتەوە''.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبای نیشتمانی، ئاماژەی بەوەدا کە دوو کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، یەکەمیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بوە، دووەمیش لەگەڵ پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بوە و تێیدا ئاستەنگەکان و گرفتی زۆری خواست و کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا خراونەتەڕو.



PM:03:58:08/01/2024