ئەنجومەنی وەزیران: چاوەڕوانیمان لە بەغدا هەیە بۆ ئەم مانگە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات

ئەمڕۆ چوارشەممە١٠ی کانونی دووەم ٢٠٢٤ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ( ماوە بۆ درێژکراوە) کۆبووە.

بە پێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە، ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕێت لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە، کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.

سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بەوەدەکات،  حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشیان لە حکومەتی فیدڕاڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

جەختیش دەکاتەوە، بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ.

ئاماژە بەوەشدەدات، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کە لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لە بارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لە سەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو".



PM:07:02:10/01/2024