دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە و مقاومەی ئیسلامیش بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆی خۆی گرت و دەڵێت" بەردەوام دەبن لە هێرشەکان".

دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" ئەمشەو چوارشەممە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، کاتژمێر: ٢٠:٥٨، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لە یاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە".

لە بەرامبەردا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشێکی درۆنێی ئەمشەوییەوە بۆ سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر  بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لە بەردەوامیی پەیڕەومان لە مقاوەمەکردنی هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی ئەو هێرشانەی قەوارەی زایۆنی دژ بە کەسوکارمان لە غەزە پەیڕەوی دەکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەیەکی هێزەکانی داگیرکەری لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە درۆن کردووەتە ئامانج.و لە بە ئامانجگرتنی هێز و بنکەکانی ئەمریکییەکان بەردەوام دەبین".

جێگای ئاماژەیە هەر ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار بنکەی سەربازی هیمۆ لە ناوچەی حەسەکە لە لایەن مقاومەی ئیسلامییەوە بۆردوومان کرا.

لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، گرووپی چەکداری شیعەی بەناو (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) بەرپرسیاریێتیی خۆی لە ١٧ هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ١٢ ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا زیاتر لە ١٢٧ جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا و راگەیاندووە" ئەمریکا لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان، هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانی دەگرێتە بەر''.





PM:10:23:10/01/2024